چەندە سەیرە ڕۆژگار!
چەند بێمانایە ژیان! دەزانی دوای ئەو کاتەی کە پەنجە ئاوریشمییەکانی تۆم، لەنێوە قژە
ئاڵۆزەکانی خۆمدا دیت هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لەوە نەدەکردەوە کە جارێکی دیکە بێت و
من خەیاڵ بۆ دیداری چاوەکانی تۆ، بمباتە ژێر سێبەری خەمێك.
ئای چەند ماندووە
ژیان لە چاوەکانی مندا! تەنانەت ئەو تیشکە کە لەخۆرەوە دەکەوێتە سەر لەشی وشکەڵاتووم
هێندە ساردە، وەختە هەناسە لە گیانم هەڵوەرێنێ، وەختە بۆ دۆزینەوەی ڕەنگی ئەو گەنمڕەنگە
خۆم بەسەر پشتی بادا هەڵخەم . دەزانم کە ئەوین لە دڵی تۆدا توانایی چرۆکردنی کەمە،
بەڵام من شێتانە خۆشم دەوێی. رووحم لەنێو دەفتەری بیرەوەریی ئەو ڕۆژانە کە بە یەکەوە
دەدواین جێدێڵم. بە یادی ڕۆژانی پێکەوەبوون هەمیشە بۆن بە دەستەکانمەوە دەکەم، بۆنی
ئامێزت هیچکات لێم دوور ناکەوێتەوە، بەوە نیە کە نیت لە لام، خەندەی سەر لێوەکانتم
قەت لە بیر ناچێتەوە.
دەزانم پیشتر پێم
گوتبوویت کە دەمهەوێ ژنانە بەسەر باخچەیەکی بێ جریوەی پیاوێک لە ڕەنگی تۆ خۆم پاراوکەم
، هەر چەند دەزانم ئەو باخچەیە، گەر من تێیدا دەستەکانم هەڵدەخەم هیچ کات تیشکی ڕووناکی
خۆر و هیچ سپێدەیەک دڵۆپەیەک هەتاو پەڵە ناکە لەسەر ڕوخساری ، بەڵام بڵێم چی ئەوینم
وەک مەلێکی بێ هێلانە دەیدا لەشەقەی باڵی بۆ سەر ئاسمانی خەیاڵەکانت، وەک ژنێك لێوڕێژ
لە عەشق و ئەوین هۆگرت بووم و تەماشای ئاوێنەی ڕوخسارت دەکەم دەلێم نەکا سیپێدەیەک
، یان ئێوارەیەک بەر لەوەی خۆر تاڵە گەرمەکانی کۆکاتەوە، بەرلەوەی شەو پرێسکەی دڵی
بەسەر خاکدا بکاتەوە ، تەماشام کەیت و پێم بڵێی تەزووی ئەوین بەسەر لەشی خەواڵووی منیشدا
ڕەت بوو ، ڕای چڵەکاندم. هەر بەو خەیاڵە بە باخچەکەدا ڕەت دەبم لەگەڵ یەک بەیەکی گوڵەکان،
لەگەڵ لق بە لقی سێبەری درەختەکان دەکەومە دوان. دەست بە قژی نەرمی هەر هەموویاندا
دێنم و بە ناویاندا ڕەت دەبم. بەسەر دیوارەسپییەکاندا بە ماژیکێکی ڕەنگپڕ، هێڵێکی
ڕاست دەکێشم لەو سەر ناوی تۆ و وشەی چاوەڕوانی لە بەرگی تەمەنێکی پڕ لە حەسرەت دەنووسم
، لە بیرت بێت ، چەند جار پێم وتیت کە خۆشم دەوێی! باوەڕ بکە سۆزم بۆتۆ گوڵ دەگرێت.
دڵنیا بە کە نەرمتر لە دەستەکانی خودا، تەڕتر لە باران دەبم بۆت ، من هەر لەگەڵ تۆ
دڵم گەرمتر و ڕوحم ئارامتر دەدوێت .
ئەرێ، دلنیام کە
خەیاڵە سەوزەکانم بە دەم بایەکی کزەوە لە باخچەکەی تۆدا هەڵدەوەرێن تەنانەت ئاوڕێک
لە شوێن پێکانی ئەو بایە نادرێتەوە، ئەرێ ئەوە دەزانم ، بەڵام بڵێم چی کە ئەوینت لە
باوەشی ماندووی پڕ چاەوڕوانیی مندا ئارام ناگرێت! من بڵێم چی کە گەرمای هەناسەی تۆ
هێشتاش جێم ناهێڵێ! من چی بکەم کە ترپەی دڵت بەسەر لەشی وشکەلاتوومدا ماوەتەوە، ئای
دە تۆ بڵێ، من چی بکەم کە دڵۆپە گەرمەکانی ئارەقی ڕوخسارت وەک شەونم بەسەر سنگی مندا
سڕبوون. ئای دۆست! لای من کات زوو دەڕوات، بەڵام بیرەوەری و ئەوینی تۆ بەشوین ئەوکاتە
ناکەون و بەسەر چرکە ژەنگ خواردووەکانی ئەو کاتژمێرەدا ڕەت نابن نا !
من هەموو ئێوارەیەک
لە پەنجەرەی نیگای ڕۆژێکی جوانترەوە لەگەڵت ئەوین تازە دەکەمەوە، خۆم بە خەیاڵی ئەوکات
دەسپێرم کە جارێک هەر تەنها یەک جار دەستم بخەمە سەر شانت و تۆزی سەر کراسەکەت لادەم
، بەڵکوو ڕۆژ هەڵبێت. منیش دوایین ماچ لە ئامێزی سەوزی گیانتا هەڵوەرێنم ، دە لێم گەڕێ!
هەرچی هەمە و لە دڵمدایە بیبەخشم پێت، لێگەرێ با، خەڵوەتی ئەوینمان نە کوژێت، با دەستەکانم
بەسەر باخچەکەدا جێبێلم. دە لێم گەڕێ. با خۆشم بوێی و بەس!
هەر وەک ئەوەی خەو
دەبینم
Ingen kommentarer:
Legg inn en kommentar