هەر کۆمەڵگایەک لە ناوەندێکی بچوک و زۆر گرینگ کە خێزانە دروست دەبێت. پێکهاتەی سەرەکی خێزان لە ژن و پیاوەوە پێکدێت. هەر کۆمەڵگایەک بە پێی داب و نەریت و ئەو باگراوندە کولتوری و فەرهەنگیەی کە هەیەتی، تێڕوانین جیاواز بۆ ژن دەکرێت. نزار قەبانی گوتەنی هەڵبژاردنی چەمکی ژن کارێکی ئاسان نیەکە لە بارەیەوە بدوێیت، چون تۆ لەگەڵ چەمکێک ڕوبەڕو دەبیتەوە کە پرە لە بڤەو حەرام و ووشەيی قەدەخە کراو . دەکرێ بگوترێ هەر کەسێک لە کۆمەڵگادا لەسەر کێشەو گرفت و هەست و خەباتی ژنان بدوێت وەک ئەوە وایە کە یاری بە پیشکۆی ئاگر بکات. رەنگە ئەوە نەتەنها بۆ پیاوان سەخت بێت، بەڵکو بۆ ژنانیش زۆر سانا نیە کە بێن لە مێژوی سەرهەڵدانی خەباتی خۆیان لە کۆمەڵگادا بە تایبەت ئەگەر کۆمەڵگاکە کۆمەڵگەیەکی پیاو ساڵار بێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە بکرێنە ئامانجی تانە و تەشەر لێدان لە لایەن تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە.
مێژوی کۆنی ژن پرە لە کارەسا ت و نەهامەتی و هەست دەکری بە هۆی ئەوەی کە مێژوو نووسانی ئەو دەم زیاتر پیاوان بوو تەنانەت لە نوسینەوەی مێژووشدا تا رادەیەک ژن لە پەراوێز خراو ن و زوڵمیان لێکراوە. ژن لە فکری کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر رەنگ و سیمایی دەگۆردرێت، لەگەلێک شوێنی کۆمەڵگادا پێگەی ژن وەک دایکە یان خوشک و بەس، بەلام لە هەندیك شوێنی دیکەدا ئەرک و پێگەی ئەو ئاڵوگۆری بەسەر دا دێت.
ئەگەر چاوێک بە خەباتی ژناندا بگێرین کۆمەڵی چەمگی گرینگ لەسەر مێژوی ژنان بە دی دەکرین کە لەهەر یەک لەمانە ژن دەوری خۆی هەبووە ، پۆلێن کردنی ژن لە کۆمەڵگادا دەکری بخریتە چەندین خانەوە یان رۆڵی ژن لە ئەرکەکانی بە چەند شێواز دابەش بکرێت.
ئەوەی کە لێرەدا من دەم هەوێ زیاترجەختی بخەمە سەر ، ئەوانەن: ژن لە سیاسە تدا، ژن لە نوسیندا، ژن لە شەردا، ژن لە نیوان کیشە کۆمەلایەتەیان دا ، ژن و ئازادی.
بێ گومان ژن لە هەر یەک لەو کارو چالاکیانەدا دەوری خۆی بووە و بەهەموو سەختی و ڕێگریەکانی کە لە بەردەمی ساز کراون کە دەکری زۆر جار کولتوری بوبن یان فەرهەنگی وای خواستووە کە ژن تەنیا ژنێکی ساکارو دایکی بێدەنگ بێت بێ ئەوەی داوای مافی خۆی بکات، بەڵام ئەو سەرەرای هەمووو یەخسیر کردنێک توانیویەتی بێتە مەیدان و ڕۆلی خۆی بگێڕێت.ئەگەر باسی دەوری ژن لە ئیران بکەین دەگەریتەو بۆ پیش کۆمارکورد ستان یان کۆمەڵەی ژێکاف یان خود دوورتر بڕۆین بۆ سالی ١٩٣٨ واتا سەردەمی ڕەزاشا کە کۆمەڵێ قانون هاتنە ئاراوە کە ژنانیش بێبەش نەبوون ، بۆ یەکەم جار یاسایەک پەسند کرا کە ژن پەچە و عەبا فڕێداو بێت مەیدان . هەر چەند ئەو یاسایە لە نێو چینی هەژارو کەم دەرامەتدا کەمتر بەڕێوە چوو ، بەڵام ئەو یاسایا وای کرد کە یاسای دیکە بە دوای خۆی بێنێت و ژنان بێنە ناو بوارەکانی فەرهەنگی و کایەکانی دیکەی ژیانەوە کە وای کرد کە ژنان بە ئاگا و هوشیارانەتر داوای مافە زەوتکراوەکانی دیکەی خۆیان بکەن. کاتێک ئێمە باسی لە ژن لە سیاسەتدا دەکەین، دەوری ژن لە رۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، بەڵام بە داخەوە ژن لە کۆمەڵگە پیاوساڵارانەکانەوە، هەمیشە لە گوتاری ستراتیژی سیاسیدا وەک ئامراز بە کار هاتووو، هەم لە سیاسەتی کلاسیکدا وهەم ئێستاش ، بەو مانایە کە دەسەڵاتی سیاسیە کە دەخوازێ زیاتر بیر و هزری پیاوانە دابرێژێت و ژنیش بەڕێوەی بەبات ،نەک بەو شێوە رێگەی پێدرا بێت کە وەکو ژنێک خویندنەوەی خۆی لە سیاسەتدا هەبێت.
بە دورستکردنی ڕێکخراووە و ناوندەکانی ژنان لە ئێران ، ژنان توانیان چاکتر و چاڵاکتر بێنە مەیدان و خۆیان سازمانددەن و رێکخەن. تەنانەت لە زۆر بواردا وەک گۆرەپانی شەڕ ژنای خەباتگێر پیدا بوون کە شان بە شانی پیاوان چەکیان هەڵگرت و لە تێکۆشاندا بوون، بەڵام لێرە پرسیارێک دێتە گۆرێ ئایا ژن لە سیاسەتدا توا نیویەتی باوەرو فکر خۆی لە پێناو کۆمەڵگەیەکی یەکساندا تا ئەمرۆ دەستە بەر بکات و بەدی بێنێت؟ بەدڵنیایەوە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی نا! بۆ نموونە، ژنمان هەیە لە کوردستان پەرلەمانتار و وەزیرە یان لە زۆر شوێنی گرینگی دەسەلاتدا دانراوە، بەڵام تا چەند توانیویوتی و یان رێگەی پێدراوە کە کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی بکات و ژنانەش تێروانینی بۆ کار و باری حکوومی بێت.
ژن لە نووسیندا، بەداخەوە لەو بوارەشدا هەر وەک میژووی سیاسی بەهۆی ئەو هەڵ مەرجەی کە کۆمەڵگە پێدا تێپەر بووە و بێ ئیمکاناتی و رێگە نەدان بە خوێندنی ژنان لە قوتابخانەکاندا نەیتونیوە شوێن پەنجەی خۆی دابنێت لە بوارەکانی ئەدەبی، ئەگەر هەش بووبن ئەوە تەنیا لە قامکەکانی دەست تێپەر ناکەن. ئەگەر ئاورێ لە مێژوو بدەینەوە دەبینین کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هێندێک لە ژنان چاڵاک بوون و وتاریان بۆ رۆژنامەی کوردستان دەنووسی . بەڵام ئەگەر بە گشتی چاوێک بە میژوو ئەدەبیاتدا بگێرین چ رۆژ ئاوا چ رۆژهەڵات دەبینین کە ژن لە ئەدەبیاتدا بوونێکی ئەو تۆی نەبووە، ئەگەر هەش بووبێت زۆر کەم رەنگ بووە کە هۆکاری دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ئیمکاناتە و ئازادییەی کە بۆ پیاوان فەراهەم بووە ئەو کات بۆ ژنان بوونی نەبووە، بۆ نموونە شکسپیر ئەگەر ئەو ئیمکاناتەی بۆ شکسپیر هەبوو بۆ خوشکەکە ی هەبایا ، بێ گوومان ئەویش دەیتوانی بگاتە ئەو ئاستەی ئەو، نەک ناچار بکرێت لە نەبوونی ئەو فەزایە کە نەگاتە هیواو خوڵیاکانی، خۆی لە پەنجەرەی ماڵەکەی فرێداتە خوارێ و کۆتای بە ژیانی بێنێت . هەر ئەوە نیشانمان دەدات و پێمان دەڵێت کە هەر لە سەرەتاوە ئەدەبیات بە زمانێکی پیاوانە نووسراوە وئەو ژنانەی کە لەو بوارەدا کاریشیان کردووە زوو چوونەتە ژێرهەژموون و ساختاری ئەدەبیاتێکی پیاوانە. بەڵام لە نووسیندا ئێستاشی لەگەڵدابیت ئەوە فەزایە هەر بەسەریاندا ماوەتەوە.
لە بواری هونەریدا، ئەگەر سەیر بکەین لەو نێوەشدا ژن هەر ئەو دەورانەی پێدەدرێت کە لە فیلم و رۆمانەکاندا کەسایەتیەکی لاواز و شکەست خواردووی هەیە. کاتێک باسی نووسینی ژنان دەکرێ تەنیا لەو چوارچێوەیەدایە کە باس لە عەشق و ماچ و ئامێزو سیکس و غەرێزە حیوانیەکان دەکرێت. توریل مۆی ، یەکێک لە نووسەرانی نۆرویژی لە کتێبێکدا لەژێر ناوی یەک ژن چیە لەوێدا باسی لەوە دەکات کە ژن بوون بەومانایە نییە کە خۆی رووت بکاتەوە ، یەک ژنی ڕوت ژنێکی بە واتا ژن نیە ، لەبواری نوسیندا ژن دەبێ خۆی بێت و دەست لەسەر ئەو کەم و کوریانەدا دانێت تا بتونێت باشتر و زووتر بە ئامانجەکانی بگات.
لە بوارەکانی دیکەی ژیانیشدا ژنان شان بە شانی پیاوان لە هەوڵدابون، بۆ نموونە لە خەباتی چەکداریدا ژنان دەورێکی سەرەکی هەبووە و بە سەدان وهەزار ژن لەو ڕێگەیەدا گیانیان بەخت کردوە. ژن لە بەڕێوە بردنی ئەرکەکانی ماڵدا هەمیشەو ئێستاشی لەگەڵ دابێت دەورێکی گرینگی بووە و هەیە و توانیویەتی بە باشترین شێوە ئەرک و کارەکانی راپەرێنێت،ئەگەر پێنج قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤ بخەینە ژێر ڵێکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ژنان لە هەموو قۆناغەکاندا رۆڵێکی گرێنگ و کاریگەریان بەرێوە بردووە، بەتایبەت لە قۆناغی پیشە سازیدا.
ژنان بە هەوڵ و کۆششە بەردەوامەکانیان دەتوانن ئازادی خۆیان بە مانای وشە بە دەست بێنن.بەڵام بەداخەوە ئێستا ئازادی ژنان لە کۆمەڵێک شتی بچوک و لاوەکیدا کورت و سنووردا کراوە، ئازادی ژن دەبێت لە خودی خۆیدا بێت ومانای بە خۆی و بە ژیان ببەخشێت، واتا جەستە، قەلەم ، فیکروهزرو بیرو رادا.
ئازادی کۆمەڵگە بەندە بە ئازادی ژنانەوە، بەڵام ئازادکردنی ژن پەیوەستە بە رادەی هەوڵدان و تێکۆشانی کە تا چەند دەتوانێ ئەو وێنەیە بگۆرێت کە پیاو بۆ ئەو وێنای کردووە کە واتا ئەوە ئەرکی سەرەکی هەموو ئەو ژنانەیە کە باوەریان بە خۆ و ئازادی و یەکسانی هەیە تا کو لە ژێر هەوڵکانیاندا بتوانن کۆمەڵگایەکی یەکسان بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا برەخسێنن کە مرۆڤ تێدا هەست بە ئاسودەیی بکات.
کوێستان عومەرزادە
Ingen kommentarer:
Legg inn en kommentar