søndag 8. januar 2012

دولەرینەوە


ئەوەی لەرەی دێت لەو دیو پەنجەرە،
شەوانە،
هەر با نییە ، هەر هەنسکی باران نییە.
بەژنی لاولاوی ژنێکە .
دەنگی گریانی ئاسکێکە،
لە تاو زامی ڕاوکەرانی،
دڵی ئەوینی دەلەرزێ،
لە غەریبیدا دەتەزێ.
ئەو،
لەشی سارد و سڕی ،
بەدەم شەوقی مانگی نیگای ژیانەوە،
مێرگ دەگرێ.
ئەوەی کراسی دڕ دڕ دەبێ بەدەم تووڕەیی باوە،
هەر دار سێو و لیمۆ نییە،
بەژنی سەوزەچناری خەمێکە،
برین دەگرێ .
ئەوەی تەنها دەگڕێ لە ئاگردا پشکۆ نییە،
پارچەی دڵی ناسکە ژنێکی غەریبە.

لەگەل خۆهەڵخستن و ، خۆکوشتن و، بێدەنگیدا،
سەما دەگرێ،
تەنها جەستەی پر لە سێبەری ژانی ژنێکە،
ئەوەی سەراپا خەو بە سەوزایییەوە دەبینێ،
هەر بەهار و باخچە نییە،
قژی نەرمی ژن و ڕوحی ئەوە
ئەوەی دەروونی ماندووە ، ئەوەی دلی شەقار شەقارە مردووە،
هەر بالندەی کۆچەر نییە،
ڕەنگی ئاڵی شاژنێکە.


٢٨،١٢،٢٠١١

Ingen kommentarer:

Legg inn en kommentar