tirsdag 2. august 2011

نامەیەک بۆ باوکم لە ساڵیادی کۆچیدا!



هەر وادەزانم دوێنێ یە. چاورێم ، گریانی من و بەفر کۆتایی بیت، بزەی گەرمی شا باوکێک دووبارە پڕمکات لە قاقاو ئامێزی ساردوو سڕم بکاتە پیشکۆی ئاگر. بەلاتەوە سەیر نەبێ نامەیەک بێ ئەوەی سلاوی بەرووحتا بچێنم دەست پێدەکم. خۆت دەزانی دووری تۆ بابە! ماندوو بێزار و بێ تاقەتی کردوومە ومنی کردۆتە ژنێکی یاخی! دەزانم ناپرسی بۆ؟ هەر وەک هەمیشە کە دەم گووت شا باوکەکەم، هەروا دەڵێم دلنیام بە. ئێستا کە لەسەفەرێکی دوورو درێژی بەردەوام چاورێی ئەوەم کە ئێوارەیە ک یان سپیدەیەک بەر لە وە خۆر خۆی دەرخات، هەر وەک جاران لەودیوو پەنجەرە کەوە بە چاوە گەرمەکانت بانگم کەیت. دووبارە ئامێزم پڕ کەیت لە سۆزی پاکی دەروونت و ماچ بارانی یەکتێرکەین . ساڵ تێپەرین هەر پێم وابوو رۆژانی سەخت وو دژوار هەر ئەو کاتانەبوون کە لە شاخ لەژێر گوڵەی تۆپ و ترسی مۆتەکەی مەرگ شەو رۆژمان خستبۆ سەریەک . سەیر نیە کە ئارەزووی ئەو کات دەکەم ، نەلەبەر ئەوەی کە منیش حەزم نەبوو، وەکو هەموو هاوڕێکانم لەماڵی گەرموو گوڕو بەسکی تێرو بە پۆشاکی جوان و بە کۆمەڵێ بوکەشووشەی رەنگاوە رەنگەوە منداڵیم پێ بگرێ نا! بەڵکو هەمو ئەو شتانە لە من یاخیی بوون ،بەڵام هەر دەڵیم خۆزگەم بەوکات دەزانی بۆ!؟ شا باوکەکەم. چۆن ئەو کات سێبەر دەستەگەرمەکانی تۆ بەسەر سەرمەوە بو وە ئامێز گەرمت ڕق و داخی هەموو ئەو نەبونیانیەن لە بیر دەبردمەوە . ئەرێ!جوانترین باوک، پێم ناڵێی چلۆنە ئەو ماوە دوورو درێژە لە تنیایی ماندوو نەبویت؟ یان لە دیداری وشکەلاتوی تەمەن تاقەتت ناپروکێ؟ چ سەیرە رۆژگار! چەندە بێ حاڵە تەمن لە نێوە وەرزی مەریگدا . ئەری شا بابەکەم ! هەر وادەزانم دونێنێ بوو، لەگەڵ تۆ کات و ساتی سەخت و خۆشم تێپەرکرد، بەڵام هیچ کات و هیچ لە سەختیەکانی ناگاتە ئەو سەختیەی کە لەسەر تەختی بیمارستان دەم دیتی. لەبیرمە دوور لە چاوەکانت فرمێسکەکانم دەسری،بەڵام هەر زووهەستت پێ دەکرد و دەتگوت بۆ گریای ، منیش حاشام دەکرد. هەمیشە دەتویست پێم بڵێی کە من باشم وە باشتریش دەبم خەمی منت نەبی، ئاخر بابە باش دەتزانی کە تۆ بۆمن چی بویت ، هیوا، خەندە ، ژیان مامۆستا وە باشترین هاورێم بووی، لەبیرتەکە دەتگوت من خەمی خۆمم نیە ،بەڵام خەمی تۆمە کە دوای من چت بەسەر دێت.ئەوەی بەسەر من هات دوای فڕینی رووحی تۆ، بۆ باسکردن نابیت. کە کۆچتکرد، منیش سەرگەردان بووم ونەمدەزانی بۆ کام لەو شتانە شیوەن بکەم، لەهەموویان گەورەتر بۆ باوکایەتیت! وەخت دەبوو، سوێم بێتەوە. ئاخر لە باوکایەتیدا شاکارت نوواند ، لێم قەبول بکە، مێهرەبانی تۆ وەک باوک.وای لێ کردم کە ئەژنۆی خەم لە باوەش بگرم ، هەمیشە دلسۆزی تۆو خۆشەویستی تۆ بۆ من جێی تێرامان بوو ، وە بیرم دەکردەوە کە بۆ دەبێ تۆ لە گەڵ هەموو باوکەکانی تر جیاواز بیت ، گەڵیک جاران وام دە گوت پێت ، کەچی دەتگوت: نا تۆ ئەوەندە منت خۆش دەوێ واهەست دەکەیت کە هەر من دەتوانم وەزیفەی باوکایەتی بەڕیوە بەرم. ئەوە، یەکێک لەو شتانە بوو کە شانازایم پێوە دەکرد و دڵسۆزی تۆ و پا کی و راستگۆیی تۆ هەتا بۆ گەل و نە تەوەکەشت لە ماوەی خەباتتدا زۆر تایبەت بوو. کە تەنانەت میژوو ناتوانێ خۆی لێ لا دات.
ئەری بابەگیان کۆچی تۆ، ئێوارە پێنجی شەش شەقامی نزیک ماڵمان پڕ بوو لە ژاوەژاو، چاوی بابە بەرەو ئاسمان بە تیژی دەی ڕوانی، قەت دڵی لەرزۆکی بێ تۆیم بیر ناباتەوە، ئەو ئێوارە ، ئای کە بێزارم لەپێنجی شەش! خۆزگە هەر نەمدیتبایە. چڕکەکانی ئاوابوونی تەمەن لە چاوە گەرمەکانی تۆدا تەنانەت خەندەی وشکە لاتوی سەر لێوەکانت لە کاتی ماڵ ئاوایشدا کە دەتویست پێم بڵیی تۆ شادمانی لەبیرمە پێکانتێم لە ئامێزمدا دەلاواند دەستە کانت گرتم بەهیزی پەنجەکانت دەتگوت نابێ ناڵەی گریانت ببینم ، ئاخر دواوشەی تۆم لەیادە، ووتت ئای چەند تینوم قمێ ئاوم پێبدە. هەر وەک جاران چاوەکانت پڕبوون لە هیوا و پیکەنین . چرکەیەک نەیبرد کە ووتت من دەرۆم شتێکم نەماوە بۆ باسکردن ئاخ دوای دیدارت چەند پڕ ژا ن بوو بابە گیان! بۆ من، بەڵام تۆ هەر بە بزەوە بەرو پیری مەرگ چویت و دوا دڵۆپی فرمێسکی چاوت ئەویش لەگەڵ خەندە دابوو، من هەر نەمزانی بۆ چی بوو؟
شاباوکەکەم ئێستاش هەر کاتێک دێمە دیار گۆرت، چاوەرێی ئەو گەرمی و تاقەتەی جارانم ، کە لە گەڵم بگۆریەوە ،بەڵام خەوی قوڵت منی لەبیر بردویەتیەوە، پێت سەیر نیە کە منیش وەکو هەموو ئەوانی دیکە دەنگ و بۆنی سۆزی گەرمی بابەم بویت ، ئێستاش بۆنی گەرمی هەناسەی تۆ لە ماڵی ساردو سرم هەست پێدەکەم بەسەر کورسیە چۆڵەکەوە رووحی وشکەڵاتوی تۆ دەڵاوێنم ، حەز بە تەنیایی دەکەم، جارارن کە وام دەگوت زوو بیتاقەت دەبویت و دەتگوت دەبێ وەکو من حەز بە تێکەڵاو بوون بکەیت چت داوە لە تەنیایی،بەڵام ئێستا لە جاران زیاتر حەز بە تەنیایی دەکەم دەزانی بۆ ؟ بۆ ئەوەی هەر خۆم بە تەنیا لەگەڵ یادو بیرەوەریەکای تۆ دەست بکەم بە دوان . ئەرێ بابە سەفەر درێژو ژیان دژوار، خۆتۆ هەمیشە دەتگوت گەر لێتان دوور کەومەوە زۆر بیرتان دەکەم ئەی ئێستا! بیر ئیمە نات باتەوە. هەر کاتی دێمە حزورت چرپەی دەنگی مێهرەبانیت بەسەر خۆڵی سەر سینگتەوە دەڵاوێنم ، دڵنیابە! تۆ هەمیشە لەگەڵ منی بۆ سەبوری و خەمی دڵم تۆ هاودەم و هاورێمی، بە یادی تۆ گوێ دەگرم لە خاڵە سێوەو جار جار لە ژیر سەرت دای دەنێم تا وەک جاران هەر دوو بە دوو گوێی لێ بگرین. منیش حەزدەکم بەردەوام بپرسم لە دایە کە ماڵی تۆ ڕیگای بەرەو کام لایە ؟ بەعەسرەتم ئێوارەیەک دەنگی بابە ماڵی دڵم لە خەوی خەم راچلەکێنێت .هەر دوێنێ بوو شا باوکەکەم کە جێت هێشم بە تەنیای لەنێو ئێوارە غەریبەکانی ئێرەدا، تەنیا تر کردمەوە لە جاران، لەیادت دام دلنیابە . هەر ئەو ئاواتەی کەبووت لەیادتە زۆر جار دەتگوت هەر بەو زمانە، تۆ تانە ئێرە وڵاتی غەریبیە !؟ چ خۆشە ئینسان ئەگەر مردیش بگەرێتەوە زێدی خۆی لە سەر لوتکەیەکی بەرز بینێژن تا گەر وڵات ئازدا بوو ئاڵای هەڵ کرا بیبنیت. شا باوکەکەم! هیوام ئاواتی وەدی نەهاوتوی تۆ کە بە کۆلێ حەسرەتەوە خاک بوو بە منزڵگات ، بێتە دیو و منیش ئاواتت بگەیەنمەجێ. جوانترین باوک هەر وەک نموو نەی خۆراگری و کوردایەتی و پاکیت ، شار بەشار ودێ بەدێ شآدت کەمەوە بە زێدی خۆت و باب و باپیرانت. ئەرێ! شا باوکەکە لێرەوە کۆتای بە نامەکەم دێنم هەرچەند دەزانم هیچ جوابێکم پیناگات،بەڵام تەنیا ویستم دوبارە پێت بڵێ مەوە کە بەردەوام لە دڵی مندا هەیت و زیندوویت، بە یادگارەکانی تۆوە بە خەباتی تۆ بە ژیانی تۆ بە تەمەنی پڕ لە شانازی تۆ منیش شانازی دەکمەوو دلنیا بە لە بیرو هزرو دڵم دا بۆ هەمیشە دەت هێڵمەوە.
کوێستان عومەرزادە

Ingen kommentarer:

Legg inn en kommentar