mandag 1. august 2011

پێکهێنانی بەرە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیەکی هەنوکەییە



گوزەری زەمان، ڕەوڕەوەی بەرەو پێشەوەچوونی کاروانی مێژووی مرۆڤایەتییە.دیاردە مرۆڤایەتیەکان و گۆرانکاری و ئاڵ وگۆریەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە رووداوە سیاسیەکان ڕا بگرە تاکو گۆرانکاریەکانی فەرهەنگی ، ئابووری ، بیر و را و  ئادیۆلۆژیەکان هەر هەموویان لە زەرفی  زەمان و شوێنی خۆیدا روویدەدات.سەرەرای ئەوەی کە زەمان و مکان  دیاردە  مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیەکان سنووردار دەکات. دیاردە کۆمەڵایەتیەکان وەک ؛حکوومەت ، سیاسەت، فەرهەنگ ، ئابووری و حزب لە ژێر کاریگەری  هەڵ ومەرجەکانی زەمان دەچنە ناو ئەو رێرەوەوە. پیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان پێویستیان بە رێکخستنە ، بەشداریکردنی رۆڵی ئیرادەی هوشیار، لە رێکخستن و بەرێکخراوەیکردنی پێوەندییەکان لە هەر بوارێکدا، پێوانەی بەرەوپێشەوەچوونی شارستانیەت و فیکر و هوشیاری ئەو کۆمەڵگەیەیە.
پارتە سیاسیەکان وەسیلەیەکی بەهێزن بۆ دروستکردنی یەکێتی و بەرێکخراوەکردن ورێکخستنی پیوەندیە تاکەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.لە رێگەی حزب و تشکیلاتی سیاسییەکانە کە تاکەکان دەتوانن بەرەو ئامانجێکی ئاکامدار و دیاریکراو لە << بە گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی >> و یان << رێبەریکردنی حکومەت و سیستەمی سیاسی >> رێنوێنی بکرێن و بەرەوپێشەوە بچن.
بە سەرنجدان بە گرینگی بوونی حزب و تشکیلاتی سیاسی لە دروستکردنی یەکێتی و بە رێکخراوەیی کردنی پیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، زۆربوونی پارتە سیاسیەکان دەتوانێت بە پێی پێویستی و زرورەتی کۆمەڵگەکان بن.ئەگەر لە پشت  چاڵاکیەکانی حزب و تشکیلاتە سیاسیەکان هەدەف و ئامانجێکی یەکگرتووی << دەسەڵاتی سیاسی >> و یان << بەرێوەبردنی حکومەت و سیستەمی سیاسی >> لە بەر چاو بگرین، دەتوانین بە راشکاوی بلێین کە کەمبوونەوەی ژمارەی حزب  و تشکیلاتە سیاسیەکان ، نیشانە کامڵبوونی روانگەی سیاسی و یەکبوونی چالاکییە سیاسیەکانی کۆمەلگەیە. بەو پێیە کەمی ئەحزابی سیاسی لە وڵاتانی رۆژئاوایی نیشانەی دواکەوتووی سیاسی وڵاتەکانیان نییە، بەڵکو نیشانەی کامڵبوونی روانگەی سیاسیەیە یان  راهاتین بە فەرەنگی دێموکراسییە  لە کۆمەڵگەکانیان. یاخود  دێموکراسی لە سەر بناغەی پۆلۆرالیسم،  لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا هیچ کات نا بێتە هۆی  تێکدانی پیوەندیە رێکخراوە سیاسیەکانی، لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکاندا، دێموکراسی لە گارەنتی ئازادی سیاسی دەبێتە هۆی لێکدابرانی پارتە سیاسیەکان.
هەر چەند لە ماوەی شۆرشی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین حزب سەریهەڵدا، کە کاریگەریان هەبووە لە سەر بە گەڕخستنی ئیرادە و هوشیارکردنەوەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە،بەڵام نەیانتوانیوە سەرکەوتنی تەواو بەدەست بێنن، جا چ هۆکاری دەرەکی بن یان هۆکاری ناوخۆیی. ئێستاکەش بە هۆی پێکەوە هەڵنەکردنی دێموکراسیانە بە شێوەی مودێرن هەرکام لە پارتە سەرەکییەکانی رۆژهەڵات بونەتە چەند بەش. ئەو گۆرانکاریانەی کە ولاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتەوە، پرۆسە دێموکراتیزەکردنی ئەو ناوچەیەی بە رادەیەکی زۆر بەرەو پێشەوە بردووە و ئەو نەسیمە ئازادی و دێموکراسی وردە وردە ئەو بەستەلەکە  و سیستەمە دیکتاتۆریانە بەرەو تواندنەوە دەبات. ئێرانێش سەرەرای تەئسیری ئەو ئاڵوگۆریانە، کێشە ناوخۆیەکانیشی بونەتە کاتالیزۆرێک کە رووخانی کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە و گەلی ئێرانیش ئێستا بەدوای هەڵێک دادەگرێ کە خۆیان لە ژێر ستەمی دیکتاتۆر رزگار بکەن.
پێکهێنانی بەرە لەو بار و دۆخە ناجێگیرەدا، پێویستیەکی هەنووکەیە کە پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت بە مەسەلەکی جددی وەرگرن، هەر چەند ئەو هەوڵانە لە ساڵانی رابردوودا بۆ پێکهێنانی بەرە دراون، بەڵام ئاکامێکی لێنەکەوتۆتەوە. بۆ نموونە:لە ساڵی 2005  ، دوو جار هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دراوە، یەکەمیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2006 کە دوکتۆر سامان شاڵی {سه‌رۆکی ئه‌و کاتی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ ئامریکا} بۆ پێکهێنانی بەرە هەوڵێکی زۆری‌دا، بەڵام بەرە سەری نەگرت‌و، ئەو کات کە هێشتا حیزبەکانی کۆمەڵە‌و دیموکرات تووشی ئینشیعاب نەببوون‌و دەوری سەرەکییان لە پێکهێنانی بەرەدا دەگێڕا، هۆکەیان گەڕاندەوە بۆ بەشدار نەبوون یا بەشدار بوونی هەندێ ڕێکخراوی‌تر.دواتریش لە ساڵی 2008 یشدا، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرە وروژایەوە، ئەمەش لە کاتێکا کە بەداخەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌و کۆمەڵە گیرۆدەی کێشەی ناوخۆیی هاتبوون‌و لە ئەنجامدا تووشی دابڕانیش ببوون. بۆیە دۆخەکە بە نیسبەت ساڵی 2006 زۆر جیاوازتر بوو، یانی ئەو کات ئەگەر حیزبەکان لە ڕووی مەسایلی ناوخۆییەوە بە دیسیپلین‌و یەکپارچەتر بوون، بەڵام زەمینە‌و زەرفیەتی ئەوە نەبوو کە بەرە پێک بێ، کەچی لە ساڵی 2008دا بە شێوەیەکی ڕیالیتە ناکۆکی‌و شەڕی ڕاگەیاندنی‌و...تاد لە نێوان باڵە دابڕاوو ئینشیعابییەکان‌و با بڵێین حیزبەکانی دایک لە ئارادا بوو ئەمەش هەلومەرجەکەی هەندێ مەترسیدارو سەخت کردبوو، بەلام ئێستا باردۆخەکە تا رادەیەک گۆرانکاری بە سەر داهاتووە بۆیە پێویستەو ئەرکێکی مێژوویە کە پارتە سیاسیەکان خۆیان لە ئاست ئەو مەسەلە بە بەرپرسیار بزانن و خاڵە هاوبەشەکانیان لە بەرچاو بگرن و بەهێزتریان کەن کە بتوانن بەرەیەک پێک بێت کە لە ئاست کێشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دابێت، سەرەرای ئەوەش کە بوونی بەرە سەنگ و قورسای سیاسی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و جیهان زیاتر دەکات.هەروەها ئەگەر رێکخراوەیەک ئامادە نبوو با پارتەکانی دیکە چاوەروانی ئەو نەبن و ئەو مەسەلەیە چارەنووس سازە لە سەر حیزبێک یان رێکخراوەیەکی سیاسی نابێت راگیرێت،.چۆن بە رای من بوونی بەرە لە ئئێستادا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیەکی هەنوکەیی ومێژوویە.لە کۆتاییدا داواکارم با حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرژەوندی نەتەوەیی خۆیان بخنە سەر بەرژەوەندی حیزبەکانیان بۆ پێکهێنانی ئەو بەرەیە کە دەرئەنجامی پێکهێنانی ئەو بەرەیە دەسکەوتی زیاتری بۆ دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لێدەکەوێتەوە.

Ingen kommentarer:

Legg inn en kommentar