lørdag 20. august 2011

پێکهینانی بەرەیەکی یەکگیرتوو بۆ ڕۆژ هەڵاتی کوردستان پێویستییەکی هەنووکەییە

 

10 Aug 2011
avatar
رۆژهەڵات تایمز- جەمال نەجاری؛ پترلە مانگێکە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هێرشکی بەرفراوانیان کردۆتە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن.
تا ئێستاش بەتەواوەتی روون نەبۆتەوە کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هێرشانە چیە، لەهەندێک راگەیاندنەکانی ئێراندا وا باس دەکرێ کە سوپای پاسداران بە ناوی لەناوبردنی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک" هێرشی کردووە بۆ ناوچە سنوورییەکان، بەڵام چاودێرە سیاسیەکان ئەم هەوڵانە بە جۆرێک فشار بۆ سەر حکومەتی هەرێم پێناسە دەکەن.
رۆژهەڵات تایمز هەوڵ دەدات لەم پەیوەندییەدا ڕای کۆمەلێک نووسەر و رۆژنامەوان و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی وەربگرێت و مەسەلەی ئەم شەڕەیان لەگەڵدا تاووتوێ بکات، لە بەشی هەشتەمی ئەم تەوەرەدا خاتوو کوێستان عومەرزادە نووسەر و چالاکوانی سیاسی بەشداری ئەم بابەتەدا دەکات و وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە.
سەرەتا دەربارەی شەڕی نێوان پژاک و سوپای پاسداران کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شەڕێکی لەم چەشنە لە نێوان هێزێکی ئوپۆزیسیۆن و کۆماری ئیسڵامی نەبووە، لەوەڵامی پرسیاری ئایا ئەم شەڕە تەنیا دژی پژاکە یان هەموو بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات دەگرێتەوە؟ خاتوو کوێستان عومەرزادە رایگەیاند: "ئەگەر زۆر ڕاشکاوانە وەڵام بدەمەوە ، بە دڵنیاییەوە ئەو هێرشەی کە ئەم دواییەی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران کردیە سەر قەندیل کە زیاتر لە مانگێک درێژەی هەبوو، تەنیا بۆسەر گریلاکانی پژاک نییە، من هۆکارەکانی ئەو هێرشەم لە بابەتێکدا هەر لە گەڵ دەسپێکی شەرەکەم نووسی و لە سایتەکانمدا بڵاوم کردەوە، بەڵام بە کورتی ئەگەر بمهەوێت لێرەدا باسی بکەم، ئەو هێرشە بەم شێوە بەربڵاوە بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ئامانجی بەدواوە بوو، یەکەم : ئەم شەڕە تەنیا ئامانجی یەکەم پژاک نەبوو ،بەڵکو ئامانجی سەرەکی شکانی ئیرادەی گەلی کورد بوو بە گشتی، دووەم: بەزاندنی سنور لەلایەن کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی گوێ بداتە هیچ قەراردادێک و رێکەوتنامەیەکی نێوەدەوڵەتی دەبوایە بەهانەیەکی بەدەستەوە بێت، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران پژاکی کردە ئەبزار و وسیلەیەک کە بە بەهانەی ئەو هەرێمی کوردستانی ئازاد نائەمن و بێ سەقامگیر نیشاندات، بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەویت لەو ڕێگەوە زەربە و زیان لە جووڵانەوەی گەلی کورد نەتەنیا لەرۆژهەڵاتی کوردستان بدات، بەڵکو دەشیهەوێت پێش بە ئازادی و پێشرەفت و سەقامگیری باشووری کوردستانیش بگرێت، چون دڵنیایە کە هەر پارچەیەک لە کوردستان کە ئازاد بێت ،کاریگەری دەبێتە سەر بەشەکانی دیکەش. سەرەرای سەرکەوتنی کوردەکان لە باکووری کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا لە گەڵ سەرهەڵدانی کوردەکان لە رۆژئاوای کوردستان لە گەڵ خەڵکی ئازادیخوازی سوریا دژی بەشار ئەسەد کۆماری ئیسلامی ئێرانی زیاتر هاندا کە دژ بە ئیرادەی کوردان بوەستێتەوە.
دەبارەی هەڵوێستی حیزبەکانی دیکە کە ئاخۆ ئەوان لەم مەسەلەیە بێدەنگ بوون یان هەڵوێستی باشیان هەبووە خاتوو کوێستان عومەر زادە رایگەیاند: "من ناڵێم بێدەنگی ، چون لە کاتێکدا دەتوانی بڵێی بیدەنگ بوون کە ئەو حیزب و پارتانە هیچ جۆرە دژە کردەویەک دژ بەو هێرشکاریەی کۆماری ئیسلامیان نیشان نەدا بێت ، رەنگە هەر ئەوەی لە راگەیاندنەکاندا ئەو هێرشە مەحکوم و ئیدانە دەکەن یان لە گۆفارو رۆژنامەکان باس لێوە دەکەن، بەو مانایا دێت کە ئەوانیش دژی ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن . من پێم وایە بێ هەڵوێست نەبوون ، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە هەر حیزب و پارتەی سیاسەت و پرەنسیپی خۆی هەیە. بە بیرو بۆچوونی من دەبێت حیزبەکان زیاتر لە داهاتوو لەو کێشانەدا رۆڵیان هەبێت و هاوکاری یەکتر بن ئەگەر لە ناوەرۆکیی ئایدیۆلۆژیەکانیشدا جیاوازی بیر وڕایان هەبێت، بەڵام خاڵی هاوبەشی زۆر هەن کە دەتوانن ئەوان لە سەری کۆک بن و هەرکاتێک کێشەیەک روبەڕووی هەر حیزبێکی کوردی و ئازادیخواز ببێتەوە ئەرکی هەموو حیزبەکانە کە بیدەنگی بشکێنن و پشتیوانی خۆیان بە هەر شێوەیەک دەرببڕن" . ناوبراو راشیگەیاند: " باشی و خراپی هەڵوێستی کۆمەلە و دێموکرات ، من ناتوانم بڵیم چەندە باشە یان خراپە چۆن هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا هەر حیزبەی سیاسەتی جیاواز و بیر و بۆچونی جیاوازی بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەکان هەیە".
سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتیش ئەم نووسەر و چالاکوانە سیاسییەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێی وایە؛ "داهاتوی بزووتنەوەی کورد لە رۆژ هەڵاتی کوردستان پەیوەستە بە دو خاڵی گرینگ یەکەم: هەڵوێستی حیزبەکانی رۆژ هەڵات و کولتوری سیاسی و شێوەی خەباتییان لە ناوچەکەدا.
دووەم: ئەو بارودۆخەی ئێستا کە ئێران و ناوچەکەی گرتۆتەوە پەیوەستە بەوەی کە تا چەند خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بتوانن بە شێوەیەکی باش لە پێناو دەستبەر بوونی ئاوات و خواستەکانیان بیبەنە پێش".
لە درێژەی وەڵامەکەیدا خاتوو کوێستان رایدەگەیەنێت: "بەپێی ئەو ئاڵ و گۆرانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناویندا سەریان هەڵداوە ، گەشبینیم زیاتر بووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە گشتی، چونکە هەر رووداو و بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە ناوچەکەدا کاریگەری خۆی دەخاتە سەر ئێرانیش،سەرەرای ئەوەش کە خەڵکی ئێران زۆر زیاتر لە رابردوو هوشیار بوونەتەوە، بۆیە هەر رووداوێکی سیاسی لە ناوچەکەدا دەتوانێت بارودۆخی ئێستاکەی ئێران زیاتر هەستیارتر کات و بیشڵەقێنێت کە دڵنیام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لە مەرگی دیکتاتۆرەکان بێبەش نابن. هەروەها داهاتووی بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەستە بە یەکگرتووی و یەکرێزی حیزب و پارتەکانی ئەو پارچەیە بۆ ئەوەی لە داهاتووی ئێراندا بتوانن زیاتر رۆل و قورسایی خۆیان بنوێنن لە چەسپاندنی مافی گەڵی کورد لەو پارچەیەدا، واتە لە حاڵی ئێستادا پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی هەنووکەییە".

Ingen kommentarer:

Legg inn en kommentar