tirsdag 2. august 2011

بزاڤی ئازادیخوازانەی کورد و بزوتنەوەی سەوز


بە سەرنجدان بە خوێندنەوەیەکی زانستیانە سەبارەت بە بزاڤی ئازادیخوازانەی کورد وبزوتنەوەی سەوز دەگەینە ئەو ئاکامە،کە ئەو بزوتنەوەیە هەر چەندە داخوازی و داوەکاریەکانی خۆی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا قەتیس هێشتۆتەوە، بەڵام رەوتی ئازادیخوازانەی گەلی ئێران چۆتە قۆناغێکی دیکەوە، دروشمی خۆپێشاندەران لە خۆنیشاندانەکانی ئەم جارەدا باشترین بەڵگەن کە رووخانی چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیان کردبۆ نیشانە. رێبەرانی بزوتنەوەی سەوز لە مەحمەد خاتمی را بگرە تاکو موسەوی و مهدی کروبی و هاشمی رەفسنجانی خۆیان لە بازنەی حکومەتدا هێشتۆتەوە، هەر چەندە بۆ دەرەوەی بازنەکە فرێهەڵدراون،بەڵام بەو حاڵەش نەیانهەوێت خۆیان لە چوارچێوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەرباز کەن. وەک دوو جمکی پێکەوەنووساویان لێهاتووە کە جیابوونەوەیان لە ولایەتی فەقی وسیستەمی دەسەڵاتی دین ساڵلاری بە مەترسیەک بۆ نەمانی خۆیانی دەزانن.ئەوانە بە بێ گۆرانکاری لە بیرو راکانیان هەوڵدەدەن کە بێنەوە ناوەندی دەسەڵات.ئەوان کەسانێکی پان ئیرانیستن و باوەریان بە کەمترین مافی کمینە نەتەوەکانی ئێران نییە،هەرچەند ئێستا لەوانەیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کەمە نەتەوەکان لە ئێراندا هێندێک دروشم بدەن، بەڵام لە راستیدا لە جەوهەر و ماهیەتیاندا هیچ باوەریان بە مافی کەمە نەتەوەکان لە ئێراندا نییە.سەرەرای پان ئیرانیستەکانی ناو دەسەڵات،هێندێک رەوت و بزوتنەوەی پان ئێرانیستی دیکەشمان هەن کە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات دان، وەک مشروتەخوازان و سەڵتەنەت خوازەکان و کۆماریخوازان و هەروەها تەشکیلاتی سەرتاسەری کۆمەنیستی جیا لە بوونی بیروبۆچون و جیاوازی ئایدۆلۆژیان کە هەیانە لە یەک خاڵدا پێکەوە هاوڕاو یەکگرتوون، ئەویش پاراستنی ئێرانی یەکپارچەیە بە هەر هەزینە وبهایەک کە بۆیان مومکین بێت لە گەڵ پاراستنی زمانی فارسی وەک زمانی یەکەم.سەرەرای ئەوەی کە هیچ باوەریشیان بە چەند میللەتی بوونی ئێران نییە.
لە راستیدا، هیچ کام لەو رەوتانە، چ ئەوانەی لە ناو بازنەی دەسەڵات دان یان ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەکەدان، ئامادەی لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوندی یان دابەشکردنی دەسەڵات بە سەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا نین. بۆ نموونە، ئاغای حیشمەتی رەئیسی لە گەڵ داریوشی هومایون لە دانیشتنێکدا لە گەڵ رەزا پەهلەوی دەگەنە ئەو ئاکامە کە دەبێت : ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەین و نابێت کارێک بکەین کە دەسەڵات لە ژێر دەستی فارس بێتە دەرێ و یان مەترسی هەبێت بۆ پارچە بوونی ئێران،تەنانەت بە زمانیش نابێت ناوی فیدرالیسم بگوترێ. ئەوانە لە هیچ بارودۆخێکدا رازی بە لاوازکردنی دەسەڵاتی فارس لە ئێراندا نین و سیستەمی فارس سازی بە تەواو هێزیان دەیان هەوێت بیبەنە پێش.رێبەرانی بزوتنەوەی سەوزیش ئەگەر لە دوارۆژدا دەسەڵات بگرنە دەست ئەوە باردۆخی فەرهەنگی وسیاسی کەمە نەتەوەکانی ئێران زۆر خەراپتر دەبێت لەوەی کە ئێستا هەیە.
لە ئێستا دا بۆ رێبەرانی بزوتنەوەی سەوز ئاشکرا بووە کە بە بێ هاوکاری کەمە نەتەوەکانی ئێران ،ناتوانن ئەو بزوتنەوەیە ببەنە پێش.بۆیە لە سەر حزبە کوردستانیەکانە کە ئەو وزە و پتانسیلەی کە کورد هەیەتی هەرزان فرۆشی نەکەن، چونکە رێبەرانی بزوتنەوەی سەوز لەوێ دەگەرێن کە ئەو ئەنەرژی و وزەی کەمە نەتەوەکانی ئێران بە خۆرای بگرنە دەستیان.هەرچەند نەتەوەی کورد لە خۆپێشاندانانەی کە بزوتنەوەی سەوز تا ئێستا رێکیخستوون رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە،تەنانەت تا ئێستا چەندین شەهیدیشیان لەو رێگەیەدا داوە.بەڵام بەو حالەش تا ئێستا بە ئاشکرا ئەو رێبەرانە نایان هەوێت کە ئێرانێکی چەند میللیەتی قەبوول کەن کە میللەتەکانی دیکەی ناوخۆی ئێران مافێکی بەرانبەرو یەکسان وەک نەتەوەی فارسیان هەبێت.
لە کۆتایدا، دەبێت ئەوە بە راشکاوی بڵێم کە بزوتنەوی رزگاریخوازی گەلی کورد دەبێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت وهاوسەنگی سیاسی خۆی راگرێت،چونکە رێبەرابی بزوتنەوەی سەوز لە جەوهەری دەسەڵاتدا هیچ جیاوازی لە گەڵ ئێستای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە.

Ingen kommentarer:

Legg inn en kommentar