lørdag 8. september 2012

وڵاتی ڕٶژ!!!!


وڵاتی رۆژ!!!

بەیانی کاتژمێر شەش بەرگی ناسکی خۆر بەسەر پیشتی پەنجەرەی دڵمدا دووگمەی کراسەکەی ترازاند. تیشکی چاوی و تینی گەرمای ئەو هەتاوە ، سەبر سەبر لە خەونی ئاڵۆزی شەو هەڵیگرتم  . تین و گەرمای ئەو   هەرچەندە لەگەڵ هی ئەوی بەراورد ناکرێ، چون لێرە هەتاو تینی کزو رەنگی ئاڵ و گەرمایەکی کەمتر هەلدەگرێت. لێرە گەردی سەرباڵی هیچ پەپولەیەک نابەر بەسەر هەتاودا،   لێرە قەت چاو پر نابێ لە تیشکی رووناکی خۆر  تەنها سێبەر  وڕروناکی دەت خاتەوە بیری ئەوێ کۆمەڵێ وێنەی جوان و شیرینم بیر دێنیتەوە. ئەم رۆ بەسەر لۆچێک بیرەوەرێدا خۆم پاراو دەکەم تا جار جار هەم لەگەڵیان بچمەوە ئەوێندەرێ و بەسەر تەمەنی هەلوەریودا  شۆر ببمەوە.

مانگی ئەگوست کاتێک هاوین بارگە و بنە دەپێجیتەوە،  بەڵام تینی هەتاو هەر بەسەر لەشی شێگرتوی خاکدا هەر ماوە و دەستی کەم تینی بەسەر سەوزای و دەشت و دەرو تەنانەت ئێمەشدا دێنێ ، بیری تیشک و تینی هەتاوی  ئەوێ دەکەم .لەوی هەتاوبە گەرمی و خنکانی لە تیندا بەسەر زەوی ووشک و برینگدا  راکشاوە، کەچی لێرە هەرچەندە خۆت دەدەیتە دەمیەوە  تا نەبێ یەك دلۆپ گەرمای ئەو تینە بەرکەوێ . لێرە ئەو ڕوحی لەبەردا نەماوە  تەنها سێبەر هەتاوە بەسەر تۆی خاکدا تۆوی خۆی دەچێنی. هەرکاتێک هەتاو دەکەویتە سەر پشتی پەنجەرە خەیاڵی منالی و تەمەنی پر گەرمی و بۆنی هاوینێکی جوانم بۆدێنی، بەڵام کەدەچمە بەردەمی خۆم هەڵخەم تەزوی سار و لەشی تەزیویی هەڵم دەتەکێنێ لە خەیاڵی جوان. دەم باتەوە بەردەم تینی هەتاوی ئەوێ کەچەند لێک جودان تەنانەت لە باڵاو  بۆنیشدا  لێک ناچن  ، بی ئەوەێ من رازی بدوێنم ئەو دەلی  من!  تینی هەتاوی وڵاتی تۆم لانیەو چاوی من هێشتا پڕ نەبوو لە گەرمی تا لەرزی لە گیانی تۆ  هەڵوەرێنی.  کاتێک تینی هەتاو و سێبەر دەبینم بەسەر لق و پۆی درەخت و سەوزای و گولدا هەست دەکم کەچەند بەنەرمی  قژی ئاڵی دەتەکێنێ. ئەمرۆ تا ئاوابونی خۆر لەگەڵ هەتاو بەسەر کورسیەکی ژەنگ گرتودا  ، فنجانی قاوەی خەستەوە سێبەرمان کشاند بەسەر شارو پەلوپۆی درەختان.  پۆلی هەوری چڵکنی خەم باری سەر مابردوو  هاتین و بەسەر تویی ئەو تینەدا  کەوتین، ئەوەی بوش لە رەنگ و لە سێبەرو لەبە  ژن و لە تینی تەنکی دایان پۆشی، بەڵام ئەو لەگەڵ ئاوابوونی خۆر تینی کەمتر و رەنگی کاڵتر دەبۆوە بەرەنگی زەردو بە دووپێی ماندو هیلاک بە مشتی هەناسەی فێنکەوە بە سەر بەرزای شاخ و سەر تولی داراندا  کراسەکەی جێهێشت. تینی هەتاو لێرە و لەوی چەند لێک دوورین لەوی  بە چرقەی نیوەرۆ مێشولەش لەبەردەم هەناسەی هاتاو هەتاکو پەنجەی شایەتی ئەویشدا خۆناگری، هەر هەموو لەبەردەم فێنکای لەنێو خەودا دەدوێن ، کە چی لێرە هێندە کەم دەکەوێ قەت چاوی ماندو نابێ، لێرە تەزوی هاتاو پێلاوەکانی تازەو بەژنی وەک گێلاسێکی ئال  رەنگی ، وەک کچێکی شەرمنی گوندێکی دور لەشار  بە مشتێ شەرموو بە کۆڵی نازەوە سەر لەبن پەچەکەی دەردێنی ئەوکاتە تینیشی نامێنێ. بۆنی هەتاوی ئێرە پەریوە و گەر بەژنی نەبینی دڵنیام بە بۆنی هیچ کاتێک هەناسەی  نات دوێنێ. کاتێک ئاوادەبی خراپتر لە بەرەبەیان تورەتر لە حەسر  رادەکات چون ئەوکات بێدەنگی ساردتر دێنێ. لێرە تاوێکی تەنگ تەنگ خەیاڵم دەبات ،بەڵام هیج کات پڕ ناکەم لە خۆی هیچ چرکەیە نام خاتە سەر لەشی گەرمی چون ئەویش وەکو من بۆ تەزویی گەرمایی چەند هەناگاو هەلدینێ . من لێرە شاهید تاوێکی خەواڵوی بی دەنگو بێ بۆن و بێ تینم ، کەچی لەوی شایەدی تاوێکم کە پر لە تۆزی گەرمی و لە تینی ئاگرو لە رەنگی پر و لە دەستی گەرم . من شاهیدی تینی تاوی مردولەی ئێرە و  تاوی پر لە شۆقو شەوقی ئەوێم. من خەڵکی وڵاتی خۆر و تاوێکی بەتین و بە دینم !!.  کەچی ڵیرە لە ناو نهێنی گەڵاکاندا بۆنی ترشا و ترسی هەتاو دەبینم ، هەمیشە کزەیەکی فێنک و بێ بۆن لەسەر هاتاوی ئێرە رادەکات.

 

mandag 30. april 2012

خاک




پێ بە  پێی با دەڕۆم

تابگەمە ئەوسەری کۆڵان

توند توند شاقەلی با دەگرم،

تا فریا بکەوم  عەیارانە،

چاوم پڕکەم لە ڕۆژ

لەگەڵ دەستە گەرمەکانی خاکدا

بەسەر پیشتی  غوربەتدا ،

من !

بیری ئاوێزان بوون دەکەم،

تا مەستی بم با تۆزی ئاوارەیی بتەکێ لە شانم  

ئای کە ماندوم

لە بۆ نت ، لە نیگات ،

 ئاوارەیی!!!!!

دوری لەڕوحی نیشتیمان  وشکی کردوم

هەموو تەمەنم ،

لەژێر سێبەر دەستە تەزیوەکانی تۆدا ،

وەراند

مناڵیم بەسەر باڵی هیچ پەپوولەیەکەوە نەنیشت،

گەنجیم لە باخچەکەی تۆدا،

وون بوو

سەوزایم  لە چاوەڕوانیدا پیر بوو

هەر زوو،

کەوتەسەر  زەردەی پاییز

ئێستام  هەر  لە لای تۆیە، تٶ.

دڵم لە قیبلە  ،

هەستم بەسەر خەونی ئەوێدا ،

دەناڵێنێ.

بسکی نەرمی ئازادیم سپی بوو،

من چاوەرێم

ئەستێرەیەکی  میهرەبان  لەسەر کێڵگەی تەمەنم

دەرکەوێ

کەچی تۆ هەر بەسەر مندا

هەموو ئێوارەیەکدا ،

نوێدەبیتەوە.

من وەک  هەتاوێکی سارد،

لێرە،

بۆ پێکانی ئەوخاکە دەگەڕیم،

کە لەشم تێدا گوڵی کرد

کە مانگ  زوڵفی تێیان هەڵنەخست.

کوێستان عومەرزادە

fredag 27. april 2012

لە ئاسۆی چاوەڕوانیی بێ تۆیید


چەندە سەیرە ڕۆژگار! چەند بێمانایە ژیان! دەزانی دوای ئەو کاتەی کە پەنجە ئاوریشمییەکانی تۆم، لەنێوە قژە ئاڵۆزەکانی خۆمدا دیت هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لەوە نەدەکردەوە کە جارێکی دیکە بێت و من خەیاڵ بۆ دیداری چاوەکانی تۆ، بمباتە ژێر سێبەری خەمێك.
ئای چەند ماندووە ژیان لە چاوەکانی مندا! تەنانەت ئەو تیشکە کە لەخۆرەوە دەکەوێتە سەر لەشی وشکەڵاتووم هێندە ساردە، وەختە هەناسە لە گیانم هەڵوەرێنێ، وەختە بۆ دۆزینەوەی ڕەنگی ئەو گەنمڕەنگە خۆم بەسەر پشتی بادا هەڵخەم . دەزانم کە ئەوین لە دڵی تۆدا توانایی چرۆکردنی کەمە، بەڵام من شێتانە خۆشم دەوێی. رووحم لەنێو دەفتەری بیرەوەریی ئەو ڕۆژانە کە بە یەکەوە دەدواین جێدێڵم. بە یادی ڕۆژانی پێکەوەبوون هەمیشە بۆن بە دەستەکانمەوە دەکەم، بۆنی ئامێزت هیچکات لێم دوور ناکەوێتەوە، بەوە نیە کە نیت لە لام، خەندەی سەر لێوەکانتم قەت لە بیر ناچێتەوە.
دەزانم پیشتر پێم گوتبوویت کە دەمهەوێ ژنانە بەسەر باخچەیەکی بێ جریوەی پیاوێک لە ڕەنگی تۆ خۆم پاراوکەم ، هەر چەند دەزانم ئەو باخچەیە، گەر من تێیدا دەستەکانم هەڵدەخەم هیچ کات تیشکی ڕووناکی خۆر و هیچ سپێدەیەک دڵۆپەیەک هەتاو پەڵە ناکە لەسەر ڕوخساری ، بەڵام بڵێم چی ئەوینم وەک مەلێکی بێ هێلانە دەیدا لەشەقەی باڵی بۆ سەر ئاسمانی خەیاڵەکانت، وەک ژنێك لێوڕێژ لە عەشق و ئەوین هۆگرت بووم و تەماشای ئاوێنەی ڕوخسارت دەکەم دەلێم نەکا سیپێدەیەک ، یان ئێوارەیەک بەر لەوەی خۆر تاڵە گەرمەکانی کۆکاتەوە، بەرلەوەی شەو پرێسکەی دڵی بەسەر خاکدا بکاتەوە ، تەماشام کەیت و پێم بڵێی تەزووی ئەوین بەسەر لەشی خەواڵووی منیشدا ڕەت بوو ، ڕای چڵەکاندم. هەر بەو خەیاڵە بە باخچەکەدا ڕەت دەبم لەگەڵ یەک بەیەکی گوڵەکان، لەگەڵ لق بە لقی سێبەری درەختەکان دەکەومە دوان. دەست بە قژی نەرمی هەر هەموویاندا دێنم و بە ناویاندا ڕەت دەبم. بەسەر دیوارەسپییەکاندا بە ماژیکێکی ڕەنگ‌پڕ، هێڵێکی ڕاست دەکێشم لەو سەر ناوی تۆ و وشەی چاوەڕوانی لە بەرگی تەمەنێکی پڕ لە حەسرەت دەنووسم ، لە بیرت بێت ، چەند جار پێم وتیت کە خۆشم دەوێی! باوەڕ بکە سۆزم بۆتۆ گوڵ دەگرێت. دڵنیا بە کە نەرمتر لە دەستەکانی خودا، تەڕتر لە باران دەبم بۆت ، من هەر لەگەڵ تۆ دڵم گەرمتر و ڕوحم ئارامتر دەدوێت .
ئەرێ، دلنیام کە خەیاڵە سەوزەکانم بە دەم بایەکی کزەوە لە باخچەکەی تۆدا هەڵدەوەرێن تەنانەت ئاوڕێک لە شوێن پێکانی ئەو بایە نادرێتەوە، ئەرێ ئەوە دەزانم ، بەڵام بڵێم چی کە ئەوینت لە باوەشی ماندووی پڕ چاەوڕوانیی مندا ئارام ناگرێت! من بڵێم چی کە گەرمای هەناسەی تۆ هێشتاش جێم ناهێڵێ! من چی بکەم کە ترپەی دڵت بەسەر لەشی وشکەلاتوومدا ماوەتەوە، ئای دە تۆ بڵێ، من چی بکەم کە دڵۆپە گەرمەکانی ئارەقی ڕوخسارت وەک شەونم بەسەر سنگی مندا سڕبوون. ئای دۆست! لای من کات زوو دەڕوات، بەڵام بیرەوەری و ئەوینی تۆ بەشوین ئەوکاتە ناکەون و بەسەر چرکە ژەنگ خواردووەکانی ئەو کاتژمێرەدا ڕەت نابن نا !
من هەموو ئێوارەیەک لە پەنجەرەی نیگای ڕۆژێکی جوانترەوە لەگەڵت ئەوین تازە دەکەمەوە، خۆم بە خەیاڵی ئەوکات دەسپێرم کە جارێک هەر تەنها یەک جار دەستم بخەمە سەر شانت و تۆزی سەر کراسەکەت لادەم ، بەڵکوو ڕۆژ هەڵبێت. منیش دوایین ماچ لە ئامێزی سەوزی گیانتا هەڵوەرێنم ، دە لێم گەڕێ! هەرچی هەمە و لە دڵمدایە بیبەخشم پێت، لێگەرێ با، خەڵوەتی ئەوینمان نە کوژێت، با دەستەکانم بەسەر باخچەکەدا جێبێلم. دە لێم گەڕێ. با خۆشم بوێی و بەس!
هەر وەک ئەوەی خەو دەبینم

tirsdag 13. mars 2012




واپێدەچێت ئەم بەهارەش،

کراسی چاوەڕوانیم ،

لەبەر تیشکی خۆردا یەخەی بدڕێ و

تۆ هەر نەیەیت.

هەمان کراس!!!

ڕەنگی خۆڵەمێشی کاڵ

کەچی پەنجەی  دەستە نەرمەکانی تۆی

لەسەر پیر بوو .

بۆنی باخەڵی تۆی هەڵگرتبوو.

باوەڕدەکەیت  هەموو رۆژێک هەمان کراس دەکەمە بەر ،

تا خەیاڵەکانی ئەو کات سەوز سەوز  بمێننەوە،

تا یادی تۆ لە شانەی  دڵما ون نەبێ،

 بیرم نەچێ!!!!

  هەموو بەیانیەک،

 بەژنی سێبەر  بخەمە سەر شانم  و،

لەنجەی با بەسەر ما  خۆی خاڵیکات

هەر  لەژێر درەختی چاوتا،

کراسەکەم جیدێڵم ،

تا خۆزگەی تۆ لەگەڵما پیر بیت.

lørdag 18. februar 2012

ژن و عەشق



لە شارێکدان،
لە کۆلانێکدا ڕووبەڕووی یەك،
هەموو عەسرێک چاو دەبڕنە سێبەری خۆر ،
تۆزێ شەرم دایان دەگرێ،
چاو شارکێ دەکەن بە دزی.
بەسەر سەمای باوە،
هەوەسی دڵیان هەڵدەخەن
لەنجەی پڕ نازیان دەوەرێنن.
ئیرە شارێکی تاریکە،
پڕە لە دەنگی شەم شەمەو،
‌غەریبە لە کراسی ژنان و،
لەڕەنگی سێوی عەشق.
هەموو وەرزێك ،
لێرە ژن و عەشق، بانگ دەکرین.
هەموو شەوێک ژنێک دەنگی ون دەکرێ،
پرچەکانی دەڕنن ، لێوەکانی بە ماچ شەق دەکەن.
ژیان لە ڕوحی دەوەرێنن..
هەموو وەرزێک،
ژن وعەشق دەبەنە دادگا،
بە گوناهبار دەستە کانیان ،
دەقرتێنن
ئەم ولاتە بۆنی مەرگی ژن و ،
رەنگی بۆنی هەناسەی عەشقی ئەو
خنکاندوویە.
لێرە ،
ژن و عەشق
پەپوو، لە دڵیان دەخوینێ ،
تامی هیچ میوەیەک نا چێژن
بۆنی میخەک لەم وڵاتە بەسەر
سێویکدا پڕ دەبێ،
لێرە.
کەس دڵی ناسوتێ بە ماڵی چۆلی ژن و،
رەنگی خۆڵەمیشیی عەشقی ژن .
ئیرە وڵاتێکە ژن نە دەتوانێ دەستە کانی تیا،
پڕ کات لە مرواری و،
نە باڵەکانی هەڵخا بەسەر هەتاودا.
لێرە هیچ جریوەیەک ناکەوێتە سەر باڵەکانی ،
ئێرە وڵاتی منە،
ژن بۆتە مۆتەکەی ناو ئاگر و
عەشقیش هێشوویەکی سیس،
گەر باڵی ژن و عەشقی لە من بمرێ.
هیچ سپێدەیەک من ناکەومە سەر تەزووی خۆر
 

mandag 23. januar 2012

خەونێکی سەوز!!!!




خەو بە دووگیانبوونی خۆمەوە
دەمگرێ،
بە سەوز بوونەوە
لە باخەڵی فێنکی تۆدا،
بە بۆنی ئاو .

خەیاڵ
بە نەرمیی دەستە ئاوریشمییەکانی تۆوە
دەمخاتە سەر دڵی باخچەیەکی
تەڕ، تەڕ.
گیانم مێرگی سۆز دەگرێ،
لەژێر تریفەی گۆناتا.
ڕوحم بەسەر قورسایی ،
پێخەفی شەوێکی تاردا ،
چراکان دادەگیرسێنێ،
من و هەموو جەستەم ،
لە ئامێزی گەرمتا،
خەو بە تۆ و، سەوزایی و، ئاوەوە دەبینین،.

گەر تۆم هەبێ،
بە ئەسپایی بە کۆڵانە تەسکەکانی شاردا،
ڕەت دەبم؛
چراکان هەڵدەکەم،
گەر تۆش ون بی،
هەر چی ڕووناکیی مانگە،
دەیخەمە ژێر هەورێکی چۆڵ.
تۆ دەزانی خەیاڵی من هەر تەنها تۆی!

خۆزگە لە کاتی گیانەڵادا
پەنجەت لێک بنێ پەلکەی چاوم
ئەوسا بیرم ناچێ
کە ئاسمانم بە تاریکییەوە جێهیشت

کوێستان عومەرزادە


søndag 8. januar 2012

دولەرینەوە


ئەوەی لەرەی دێت لەو دیو پەنجەرە،
شەوانە،
هەر با نییە ، هەر هەنسکی باران نییە.
بەژنی لاولاوی ژنێکە .
دەنگی گریانی ئاسکێکە،
لە تاو زامی ڕاوکەرانی،
دڵی ئەوینی دەلەرزێ،
لە غەریبیدا دەتەزێ.
ئەو،
لەشی سارد و سڕی ،
بەدەم شەوقی مانگی نیگای ژیانەوە،
مێرگ دەگرێ.
ئەوەی کراسی دڕ دڕ دەبێ بەدەم تووڕەیی باوە،
هەر دار سێو و لیمۆ نییە،
بەژنی سەوزەچناری خەمێکە،
برین دەگرێ .
ئەوەی تەنها دەگڕێ لە ئاگردا پشکۆ نییە،
پارچەی دڵی ناسکە ژنێکی غەریبە.

لەگەل خۆهەڵخستن و ، خۆکوشتن و، بێدەنگیدا،
سەما دەگرێ،
تەنها جەستەی پر لە سێبەری ژانی ژنێکە،
ئەوەی سەراپا خەو بە سەوزایییەوە دەبینێ،
هەر بەهار و باخچە نییە،
قژی نەرمی ژن و ڕوحی ئەوە
ئەوەی دەروونی ماندووە ، ئەوەی دلی شەقار شەقارە مردووە،
هەر بالندەی کۆچەر نییە،
ڕەنگی ئاڵی شاژنێکە.


٢٨،١٢،٢٠١١